خۆڕاگری: کەیهان (لاوان)جوانمەردی، پەنابەری سیاسیی خەڵکی هەوشار کە ٤٥ ڕۆژ پێش ئێستا لە تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، دوای گواستنەوەی بۆ یەکێک لە کەمپەکانی نیشتەجێبوونی کاتیی، لە مەترسیی دیپۆرتکردنەوە و ڕادەستکردنەوە بە ئێراندا دایە.
ڕۆژی شەممە، ۱۱ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۳ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: کەیهان جەوانمەردی ناسراو بە لاوان جەوانمەردی، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی شاری “تیکاب”ـی سەربە ناوچەی هەوشار، لە کەمپی “پەهلەوان کۆی” لە شاری ئەدیرنەی تورکیە ڕاگیراوە و ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیددیی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێران بووەتەوە و لە ڕۆژی چهارشەممە، ۲٨ی گەلاوێژی ئەمساڵەوە، لەلایەن هێزەکانی تورکیەوە دەسبەسەر کرابوو و سەرەتا لە کەمپی ئەدیرنە ڕاگیرا بوو، بەڵام ماوەی ١٦ ڕۆژە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوە بۆ کەمپی «پەهلەوان کۆی» گوازراوەتەوە.
ئەم پەنابەرە سیاسییە لە ئەگەری گەڕاندنەوە بۆ ئێران، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی دەرکردنی سزای قورس و نامرۆڤانە دەبێتەوە و هەروەها ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردوودا وەکوو چالاکوانێکی سیاسی و ئەندامی یەکێک لە حیزبه کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە و بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتێکی ئارام، هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە.
جێی ئاماژەیە کە، بە ڕەچاوکردنی مەترسیی جیددیی ئەشکەنجە، دەسبەسەرکردن و سزای قورس لە ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ ئێران، داوای ڕاگرتنی دەسبەجێی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیە و ڕێزگرتن لە بنەمای قەدەغەکردنی گەڕاندنەوەی ستەملێکراوان دەکرێت و هەروەها داوا لە ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت لایەنە بەرپرسەکانی پشتیوانی لە پەنابەران دەکرێت هەرچی زووترە هەڵوێست بەرانبەر بە دۆخی لاوان جوانمەردی بنوێنن و بۆ ڕێگری لە گەڕاندنەوەی بۆ ئێران هەنگاو بنێن.

Be the first to comment