کۆڵنەدان و نەسرەوتن (بەشی دووهەم و کۆتایی)

خالید ڕەواندووست
له کۆتاییەکانی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی چەند کەس له هاوڕێیانی نیزیکی ئێمەیان له شاری شنۆ و ئاواییەکانی نەڵۆس و دێشەمس گرت. چەند ڕۆژ دوای ئەوان ئەمنیش له لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆوەگیرام و بەڕێی گرتنگەی ئیتلاعات له شاری ورمێ کرام. پاش دو مانگ لێپرسینەوە له ژێر هەڕەشە و لیدان و ئازار و ئەشکەنجەی ڕوحی له ژوری تاکەکەسیدا له کۆتایی مانگی پوشپەڕ، ئازاد کرام بەڵام بەردەوام له ژێر چاوەدێریدا بووم. هەر بۆیە له دەرفەتێکدا چوومە تاران و له ماڵه خزمێکمان خۆم شاردەوه و پاش ماوەیەک لە نیزیک تاران خۆم بە کارەوە سەرقاڵ کرد.

پاش سێ ساڵ ژیانی نهێنی پڕ له خۆف و ترس لەو شوێنە بەداخەوه بابم که بەشێک له ماڵ و منداڵی زۆری منی بەخێودەکرد و له ژیانیدا بەهۆی پێشمەرگایەتی و پاشان قاچاغی من و فشاری جاش و پاسدار قەت ئاسوودەیی بەخۆیەوه نەدی، له هاوینی ساڵی ۱۳۷۶ کۆچی دوایی کرد و ئەمنیش چەند مانگ دواتر بە ناچار بڕیارم دا ماڵ و منداڵەکانم هەڵگرم و بگەڕێمەوه ڕیزەکانی حیزب. بەو مەبەسته بەنهێنی هاتمەوه شنۆ، بەڵام پێیان زانینم و دیسان گیرامەوە و بەڕێی ئیتلاعاتی ورمێ کرامەوە.

پاش ١٠ ڕۆژ لێدان و ئەشکەنجە و جەزرەبە بردیانمەوه دادگا. قازی پرسی وەکیل دەگری یان بۆخۆت قسە دەکەی؟ یان ئێمە وەکیلت بۆ بگرین؟ ئەگەرچی وەکیلی خۆتت هەبێ باشتره، چونکه حوکمەکەت محاربه، دەزانی محارب چیە؟ کوتم بەڵێ دەزانم. که هێنایانمە دەرێ بەدەست و لاقی زەنجیرکراو، مەسعودی کوڕم و هاوڕێیەکم له ساڵۆنەکه ڕاوەستابوون پێم کوتن قازی وادەڵێ و وەکیلم بۆ بگرن. بردیانمەوه دەستبەسەرگه و بازجووەکەم کە ناوی «ڕەزەوی» بوو گوتی: «هیچ دەزانی ئەتۆ پێشتر بڕیاریان لەسەر داوی حوکمی ئیعدامت لەسەر پەروەندەیە؟ ئەتۆ زۆر شت لەسەر ئەندامانی حیزب لە ناوچەی خۆتان دەزانی. تۆسقاڵێک هاوکاریمان بکەی به ڕووحی ئیمام ئازادت دەکەم.» گوتم باشە ئەوانەی قەرارە من ناویان بێنم مەگەر نایانهێنە ئێرە و وەکوو من ئەشکەنجەیان ناکەن؟ ئەوە من لە جێی ئەوانیش لێرەم… پیلی گرتم و بەجنێودان له سەر پلیکانان ڕا فڕێی دامه خوار.

پاش ٢٣ ڕۆژ لێدان و سووکایەتی پێکردن و فشاری ڕوحی، بردیانم بۆ گرتوخانەی ناوەندی ورمێ. ڕۆژێک بردبوویانین بۆ حوسێنیەی زیندان یەکێک هات له تەنیشتم دانیشت. دیار بوو زۆر هەراسان بوو و دەترسا. سەرەتا نەمناسی پاشان پرسیاری لێ کردم و گوتی ئەتو هەر برای منی ئەمن بنەماڵەی ئێوەم خۆش دەوێ و دێم له دادگا قسەکانم لەسەر تۆ وەردەگرمەوه ئەگەر ئیعدامەکەشم بدەنەوە. ئەوجار ناسیمەوه. ڕەسووڵ عەبدوڵڵاپوور بوو که پێشتر له نانەواخانەی ئێمه کاری دەکرد و براکەی که پێشمەرگه بوو به دەست جاش و پاسدارەکانی رژیم کوژرابوو و ئەو هەوڵی دابوو بکوژی براکەی بکوژێتەوه. پێیان زانیبوو و تەقەیان لێ کردبوو و به برینداری گرتبوویان. پێیان کوتبوو دەبێ بڵێی خالید تفەنگی داومێ و پووڵی داومێ و بەڵێنی پێداوم ئەگەر ئەو کاره بکەم له ڕێگای حیزبەوه بەڕێم بکا بۆ دەرەوه. هەر بەپێی ئەوە و چەند تاوانێکی دیکه بوو سەزای ئیعدامیان بۆ من دیاری کردبوو. پاشان هات له دادگا هەموو قسەکانی وەر گرتەوە و گوتی لەژێر ئەشکەنجەدا ناچاریان کردووم، دیاره ئەو ڕەفتارەی قازی و قبووڵ کردنی قسەکانی ناوبراو له سەر وەرگرتنەوەی ئیعترافاتەکانی و ڕزگاربوونی من بەشی زۆری دەگەڕێتەوه بۆ کەمبوونەوەی رێژەیی گوشارەکان دوای هاتنەسەرکاری دەوڵەتی خاتەمی و ئیسلاح تەڵەبەکان.

بازڕەسی یەکێک له جورە هەره ناخۆشەکانی فشار بۆ سەر زیندانیەکان بوو که هەر ماوە ماوه دەبوو هەموو شتومەکەکان ببەینه دەرەوە و پاش پشکنینن و دەستبەسەرداگرتنی هەر شتێکی بەنەزەری بەرپرسان قەدەغه بوو ئەگەر شتێکی وا نەبا کە سەزای لەسەر بێ ئیزنیان دەدا بچینەوه سەر جێگاکانی خۆمان. ماوەیەک بوو خەریکی نوسینەوەی لیست و ناوی زیندانییەکان به ناو و شۆرەت، شار، ماوەی زیندان، تاوان و لایەنگری چ حیزب و ڕێکخراوێکە و…..بووم و ئامادەم کردبوو که بینێرمە دەرێ و له توێی کتێبێکم نابوو، له ناکاو هاتن گوتیان بازڕەسییە. ترسێکی سەیرم ڕێ نیشتبوو دەرفەت نەبوو هیچی لێ بکەم نۆرەی من هات. سەرهەنگ کەفشدووز، بەرپرسی ژووری زیندان لەوێ ڕاوەستابوو و چاوەدێری سەربازەکانی دەکرد. چاوێکی لێ کردم گوتی ها کورد. گوتم بەڵی جەناب، له ناکاو گوتی هەڵگره نایهەوێ، یەکەم شت کتێبەکانم بوون که پڕم دانێ و لەسەر تەختەکەم دانا و هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا. دیارە دواتر زانیارییەکانم نارد بۆ برادەران.

پاش ٤ مانگ بردیانم بۆ دادگا و ڕەسوڵیشیان هێنابوو. دەست و پێمان زنجیر کرابوو و هەر یەکە و له شوێنێکی مینی بووسەکەدا دایان نابووین که بە یەکەوه قسه نەکەین. ئەو قسەکانی پێشووی وەرگرتەوە و گوتی لەژێر ئەشکەنجەدا به برینداری ناچاریان کردووە وا بڵێی. پاش چەند جاری دیکه هاتوچۆی دادگا له ئاخرین کۆبوونەوەدا قازی گوتی به ٤ ساڵ زیندان حوکم دەدرێی؛ که گوتم ناڕەوایە و ئەمن هیچ تاوانێکم نییه جگه لەوەی حازر نەبووم سیخوڕی بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان بکەم. ئەم سزایە دوای داوای پێداچوونەوە بۆ بۆ دوو ساڵ و شەش مانگ کەم کراوه که هەمووم کێشا و دواتر گەڕامەوه شاری شنۆ.

ساڵی ۱۳۸۳ دوای ئەوەی چالاکییەکانی مەسعوودی کوڕم بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ئاشکرابوو و ناچاربوو ئێران بەجێ بێڵێ، ئیتلاعات فشارێکی زۆریان بۆ هێنام و دەیانگوت ئەتۆ بەرپرسی ئەو کارانەی کە مەسعوود کردوونی و دەبێ بیهێنیەوە. چەندجار بانگیان کردم بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و دواجار ئیتلاعاتی سپا بانگی کردم و بازجووییان لێ کردم. ئەو گوشارانە هەروا بەردەوام بوون و کاتێک زانیم مەترسیی گیرانەوەم هەیە، وڵاتم بەجێ هێشت و ئێستا ماوەی چەند ساڵێکە لە هەندەرانم و لە وڵاتی دانمارک گیرساومەتەوە..