خۆڕاگری: سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سوڵتان ئەمری، خوێندکاری زانکۆی دزفوول و خەڵکی شارۆچکەی «سەرابباغ»ی سەر بە شاری ئاودانان، هێشتا چارەنووسی نادیارە و بنەماڵەکەی لە دڵەڕاوکێیەکی قووڵدا دەژین.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ژووری هەواڵی ماڵپەڕی خۆڕاگری گەیشتوون، سوڵتان ئەمری، خوێندکاری زانکۆی دزفوول و هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان لەو کاتەوەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕفێنراوە، لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆی لەوانە، پەیوەندیی تەلەفوونی، چاوپێکەوتنی بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
ئەم ڕووداوە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی ڕووی داوە کە پۆلیسی ئەو زانکۆیەی سوڵتان ئەمری لێی دەخوێنێت، ناوبراویان ڕادەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کردووە و ئەوانیش بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک یان فەرمانی دەسبەسەرکردن، ئەم خوێندکارەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم خوێندکارە، بەرپرسانی ئەمنی و قەزایی ڕێژیم هیچ وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو نەداوەتەوە و نیگەرانییەکان لەبارەی سەلامەتیی گیانی لە زیادبووندان.

Be the first to comment