هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ حوکمی ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و دەستبەسەر کرا

هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە سێ ساڵ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو شەفیع فەقی زادە خەڵکی شنۆ، سەرەتای پاییزی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ئورمیەوە بە تۆمەتی “هاوکاری کردن و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات” حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپسێردراوی بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی فەقی زادە، حوکمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٤ ساڵ بەندکران و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپسێردراو کەم کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، هێزە ئەمنییەکان کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٤ی دێسامبری ٢٠١٩) هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی شەفیع و دەستبەسەریان کردووە و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری شنۆ گواستوویانەتەوە.

شەفیع فەقی زادە زستانی ٢٧١٨ (٢٠١٨) لەگەڵ ١١ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ دەستبەسەر و دوای دوو مانگ ڕاگیران لە دەستەبسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.