دەسبەسەرکرانی سێ هاونیشتمانیی کورد لە شاری دەماوەند

سێ هاونیشتمانیی خەڵكی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری دەماوەندی سەر بە پارێزگای تاران دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران و هاوکات بەندکراوێکی خەڵکی سنە بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، سێ هاونیشتمانیی خەڵکی شاری سنە، لە شاری دەماوەند سەر بە پارێزگای تاران، بە ناوەکانی “فەرامەرز قاسمی ئازەر، شاپورحەبیبی، و فەرزین ڕۆستەمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
یەکێک لەو دەسبەسەر کراوانە خەڵکی گوندی ئاویهەنگی سەر بە شاری سنەیە، هێزە ئەمنییەکانی دەماوەند لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراودا، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە و کەلوپەلی تاکەکەسی ئەو هاونیشتمانیەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و تا ئێستا بنەماڵەی ئەو سێ کەسە دەسبەسەر کراوە لە هۆکاری دەسبەسەر کردن و شوێنی راگیرانیان هیچ زانیارییەکیان لە بەردەستدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە لە شاری سنە “کەیومەرس لەتیفی” کە لە گرتنگەی سپای ئەو شارە دەسبەسەر کرابوو بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆنی بە شێوەی کاتی و تا کاتی دادگایی کردنی ئازادکراوە.
ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، دەسبەسەر کرابوو و دواتر لە بەندیخانەی سنە بۆ گرتنگەی سپای ئەو شارە ڕاگوێزرا. جێی وەبیر هێنانەوەیە کە “کەیومەرس لەتیفی” لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی، بە تۆمەتی تاوانە ئاساییەکان بە یەک ساڵ بەندکران حوکمدرا و بۆ تێپەڕکردنی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوازرا و دواتر لە مانگی جۆزەردانی ٩٨، لە پەروەندەیەکی جیادا و بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە بەندیخانە بۆ گرتنگەی سپا ڕاگوێزرا. ناوبراو پێشتر لە ئەنجومەنەکانی فەرهەنگی سنە چالاکی هەبوو و لە ساڵی ٨٩ی هەتاوی بۆ جارێکی دیکە بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی حوکمدرابوو.