چارەنووسی نادیاری بەندکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران

زیاتر لە چل ڕۆژ لە خۆپێشاندانەکانی سەراسەری ئێران تێدەپەڕێ و بنەماڵە و پارێزەر و کەسوکاری بەشێک لەدەسبەسەرکراوەکان هیچ هەواڵێکیان لە تۆمەت و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان نییە.
هاوکات پارێزەری ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکان لەگەڵ دانپێدانان بەوەیکە ڕادەیەکی بەرچاو لە منداڵانی تەمەن ١٣ تا ١٥ ساڵ دەسبەسەر کراون وتی: “هێندێک لە دەسبەسەرکراوان بۆ بەندیخانەکانی دیکە ڕاگوێزراون کە کەس ئاگای لە دۆخیان نییە و تەنانەت بۆ خۆیشیان نازانن لە کوێ زیندانی کراون. هەروەها زۆربەیان پارێزەریان نییە و بنەماڵەکانیشیان مافی ئەوەیان نییە کە پارێزەریان بۆ دەستنیشان بکەن”.
ئەو پارێزەرە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت ڕایگەیاند کە زۆربەی دەسبەسەرکراوەکان لە بەندیخانەکانی فەشافوویە و ئێڤین و چەند بەندیخانەیەکی دیکەدا بەسەر دەبەن.
شایانی باسە کە کە زیاتر لە ٨ هەزار کەس لە شارەکانی ئێران دەسبەسەر کراون. هەروەها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئاشکرا کردن و ڕاگەیاندنی ڕادەی قوربانیان ترسیان هەیە و هیچ ئامارێکیان لەوبارەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە ئێران، بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
“هەڵاڵە مووسەویان” یەکێک لەو پارێزەرانەیە کە پەروەندەی هێندێک لە دەسبەسەرکراوانی لایە. ئەو دەڵێ: “زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەسبەسەر کراون بێدەرەتان و بێکارن، سەرپەرستی بنەماڵەن و دۆخیان و ژیانی بنەماڵەیان نالەبارە. هەروەها دەوڵەت بۆ ئازاد کردنی هەندێ کەس داوای بارمتەی قورس دەکات. بەڵام تا ئێستا هیچ بنەماڵەیەک نەیتوانیوە ئەو ڕادە پارەیە لە بارمتە کە ڕێژیم دەیهەوێ دابینی بکا.