“نەسرین ستوودە” و “نێرگس محەممەدی” دایکانی پشت میلەکانی زیندان

ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئاڵمان، بە بۆنەی ڕۆژی دایک، کەمپەینێکی لەژێر ناوی” کەمپەینی ئەو ژنانەی تاونبار نین” وەڕێخست.

لەو کەمپەینەدا هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی چەندین کارت و نووسراوەی تایبەت بەو دایکانەی کە لە زیندانەکاندان بڵاو کردۆتەوە، دایکانی وەک، “نەسرین ستوودە”، “نێرگس محەممەدی” لە ئێران و “مارتا سانچز” لە کوبا، کە بە تاوانی بەڕێوەبردنی چالاکیی مەدەنی دەسبەسەرکراون.

گوشار لە جێگەی گوڵ، بەندی تاکەکەسی لە جێگای شوێنی بنەماڵە و فرمێسک لە جێگای نووری چاوی منداڵانی شاد. ئەو وەسفە دۆخی زۆرێک لە دایکانی زیندانین لە ڕۆژی دایکدا کە لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو کەمپەینەدا ئاماژەی پێ کراوە.

دایکانێک نەک بە خاتری ئەوەی تاوانێکیان ئەنجام دابێ، بەڵکوو بە هۆی بەڕێوەبردنی چالاکیی ئازایانەی مافی مرۆڤ، ڕەخنە لە دەوڵەت و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، لە مافی ئازادی بێبەش بوون. ئەوان سەرەڕۆیانە دەسبەسەرکراون، لەگەڵ ئازار و دەست‌درێژی و ناحەقی و هەروەها حوکمی قورس ڕووبەڕووبوونەتەوە.

جێی ئاماژەیە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، دووهەمین یەکشەممەی مانگی مەی، ڕۆژی دایکە. ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لەو ڕۆژەدا، یاد و ناوی ئەو دایکانەی  بەرز ڕاگرتوە کە لە لایەن ڕێژیمە دیکتاتۆر و سەرەڕۆکان دەسبەسەر کراون.

“مارتین لسنتین”، وتەبێژی ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێ: “جیاکردنەوەی منداڵان لە دایکیان کارێکی ترسناکە، حوکمی قورس و زوڵم و زۆری و ڕەفتاری نامرۆڤانە لە زیندانەکان هۆکارێک دەبێ بۆ لەنێوچوونی بنەماڵە و کاریگەریی خراپ لەسەر لایەنی دەروونی منداڵەکان دادەنێ.”

کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئاڵمان، نەسرین ستوودە، نێرگس محەممەدی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و مارتا سانچز لە بزووتنەوەی ژنانی سپی پۆش لە کوبا، وەک نموونەی بەرچاوی دایکان دەستنیشان کرد کە بە بێ هیچ تاوان و گوناحێک، لە پشت میلەکانی زیندان بەسەر دەبەن. ئەو ڕێکخراوە جیهانییە هەروەها خوازیارە ئەو جۆرە کەسانە لەبیر نەکرێن و بۆ ئازادی ئەوان هەموو هەوڵەکانمان بخرێتە گەڕ.

ئەو ڕێکخراوەیە ڕاگەیاندنی کەمپەینەکەی  بە کارت پۆستالێک بڵاوکردۆتەوە کە وێنەی نەسرین ستوودەی لەسەرە، “مارتین لسنتین” دەڵێ: ” ڕۆژی دایک بۆنەیەکی باشە بۆ ئەوەی بە ڕێژیمی ئێران بڵێین چالاکانی مافی مرۆڤمان لەبیر نەکردوە.”

جێی ئاماژەیە، نەسرین ستوودە پارێزەری مافی مرۆڤ کە بە ٣٣ ساڵ زیندانی و ١٤٨ زەربە قامچی مەحکووم کراوە و دایکی چوار منداڵە و نێرگس محەممەدی بەرپرس و وتەبێژی کانوونی پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران کە بە ١٦ ساڵ زیندانی مەحکووم کراوە و دایکی دوو منداڵە و ئێستا لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەسەر دەبەن.