عوسمان مستەفاپوور زیندانی سیاسی کورد لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بە ناچاری ڕۆژهەلاتی نیشتمانی بە جێ هێشت

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابروودا، “عوسمان مستەفاپوور”، زیندانیی سیاسیی کورد، بەهۆی گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، زێدی خۆی بەجێ هێشت.

ئەو زیندانییە سیاسییە، پاش ئازادبوونی لە زیندان بە شێوەی بەردەوام بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٩٨، “عوسمان مستەفاپوور” و “محەممەد نەزەری”، پاش ٥٣ ساڵ زیندانی، لە گرتنگەی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد کران.

“عوسمان مستەفاپوور” ٢٨ ساڵ و “محەممەد نەزەری” ٢٥ ساڵ لە زینداندا بوون. ئەو دوو زیندانییە ماوەی حوکمەکانیان لە زیندانەکانی “ورمێ، تەورێز و ڕەجایی شار” تێپەڕاندووە.

“عوسمان مستەفاپوور”، پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی “تەرگەوەڕ”ی ورمێ دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی “ئەندامبوونی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران” بە ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی پاش ٢٣ ساڵ دەسبەسەری، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر “چابۆک”، حوکمی زیندانیی “عوسمان مستەفاپوور”ی بۆ ٣٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری گۆڕی. دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسداران بڕییەوە.

“محەممەد نەزەری”، زیندانیی سیاسی  خەڵکی شاری “سایین قەڵا”، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەسبەسەر کرا و لە دادگای سەرەتاییدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر “جەلیلزادە”، سەرۆکی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨، حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.