کوژران و برینداربوونی ٢٢ کۆڵبەر و گرتنی ٦٦ چالاکی سیاسی لە دوو مانگی سەرەتای ساڵدا

(ڕاپۆرتێک لەسەر پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە)

لە کاتێکدا کۆرۆنا هەموو وڵاتانی بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردوە و لە حاڵێکدا کە دەوڵەتان هەرکام بەپێی بەرنامە و توانای خۆیان لە هەوڵی کەمکردنەوە لە کێشە و گرفتی هاووڵاتیانی خۆیان و پێڕاگەیشتنی مادی بەوان بۆ تێپەڕین لەو قۆناغە سەختەن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان هەروا خەڵک دەکوژێ.
به‌ پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم ٢٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. لەو ٢٢ کاسبکارە ١٢ کەسیان کوژراون و ١٠ کۆڵبەریش بریندار بوون. کۆڵبەرانی کورد کەسانی بێکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستانن کە لە ڕووی هەژاری وبێدەرەتانی و نەبوونی هیچ کار و پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە کوردستان بەناچار بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەکانیان ڕوویان لە کۆڵبەری کردوە.
کوژران و برینداربوونی ٢٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە حالێکدایە کە لە ساڵی ڕابردووشدا (١٣٩٨ی هەتاوی) ٢٤٠ کۆڵبەر لە کورستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لە دەست دابوو و بریندار ببوون. لەو ٢٤٠ کەسە ٧٣ کەسیان کوژراون و ١٦٧ کەسیش بریندار بوون.
هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی پێبوونی کاڵای قاچاغ کۆڵبەرانی کورد دەدەنە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان، لە حاڵێکدا بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان و توێژینەوەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی سەتا ٩٥ی باری قاچاغ لە ڕێگەی بەندەر، دەروازە سنوورییە ڕەسمییەکان فڕۆکەخانە و ئێسکەلە ڕەسمییەکانەوە هاوردەی وڵات دەکرێن.
لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم ١٣ بەندکراوی کورد لە دار دراون و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لانیکەم ٦٦ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کردوە و زیندانییەکی سیاسیی کوردیش سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە.
لەو ٦٦ کەسەی لە ماوەی ئەم دوو مانگەی سەرەتای ساڵدا گیراون، ٢١ کەسیان دادگایی و سزای لە ٣ مانگ هەتا ٢٥ ساڵ بەندکرانیان (سەرجەم ١٥٣٥ مانگ) بەسەردا سەپاوە.
لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٥ کەسی دیکەش لە کوردستان بوونە قوربانیی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەو مینانەی ٣٠ ساڵ دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێڕاق بەهۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی دەسەڵات دەرحەق بە خەڵکی کوردستان هێشتا هەڵنەگیراونەتەوە.
لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم ١٣ بەندکراوی کورد لە دار دراون و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لانیکەم ٦٦ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کردوە.
لەو ٦٦ کەسەی لە ماوەی ئەم دوو مانگەی سەرەتای ساڵدا گیراون، ٢١ کەسیان دادگایی و سزای لە ٣ مانگ هەتا ٢٥ ساڵ بەندکرانیان (سەرجەم ١٥٣٥ مانگ) بەسەردا سەپاوە.
خۆکوژی، هەر وەکوو ڕابردوو دیاردەی تڕاژیدیکی کوردستان بوو. لە دوو مانگی خاکەلێوە و بانەمەڕی ئەمساڵدا لانیکەم زیاتر لە ٥٥ کەس خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ٤٦ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە.