زێنەب جەلالیان و سوهەیلا حیجاب نامەیەکییان بڵاو کردەوە

دوو ژنە زیندانیی سیاسیی کورد “زێنەب جەلالیان و سوهەیلا حیجاب”،  نامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “هرانا”، زێنەب جەلالیان و سوهەیلا حیجاب، دوو زیندانیی سیاسیی زیندانی قەرچەکی وەرامین، سەرەڕای باسکردن لە دۆخی نالەباری زیندان، لە هەمبەر چەند حاڵەتێکی وەک جێ‌بەجێ نەبوونی بنەمای لێک جیاکردنەوەی تاوانەکان لەم زیندانە، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

ئەم دوو زیندانییە لە بەشێک لە نامەکەیاندا نووسیویانە: “ئێمە زێنەب جەلالیان و سوهەیلا حیجاب، کۆماری ئیسلامی بە فەرمی ناناسین و هیچ کات داوای مەرەخەسی، ئازادی و لێبوردنمان نەکردوە و ناشیکەین. چونکە کەسێک داوای لێبوردن دەکا کە تووشی هەڵە و تاوانێک بووبێ. ئێمە زایەڵەی داخوازییەکان، ئاواتەکان، مافە مەدەنی و شارۆمەندییە لەدەسچووەکانی خەڵکی وڵاتەکەمان بووین.”

لە بەشێکی تری ئەم نامەیەدا هاتوە: “ئێمە بەوە زیندووین، ئۆقرە نەگرین، شەپۆلین و هەدادانمان لەگەڵ نەبوونمان یەکە. ئێمەی زیندانی ساڵانێکە لە زیندانەکانی کۆماری ترس، کۆماری تێرۆر، کۆماری هەژاری کە لە مافە مرۆییەکانمان بێ‌بەش بووین و، لە نادادگاکانی کۆماری ئیسلامییدا و بەبێ پارێزەر بە شێوەیەکی ناعادڵانە دادگایی کراوین. هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی ڕۆحی و جەستەییمان لەسەر تاقی کراوەتەوە. لە درێژەی ئەم ماوەدا لە سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانی خۆمان بێ‌بەش بووین. دەسەڵاتی زوڵم و زۆر، بە دەیان جار و لەژێر ناوی جیاوازدا، بە پەنابردنە بەر درۆ و فریو و ڕیا و دووڕوویی، لە ڕەوتی بە ناو لێپرسینەوە و دادگایی کردندا، ئێمەیان لە زیندان بردوەتە دەرێ و بۆ ماوەی چەندین مانگ لەسەر یەک لە خانووە ئەمنەکاندا، خستوەتە ژێر لێپێچینەوەی توندوتیژانە (لەگەڵ ئەشکەنجە، بێ‌ڕێزی، بوختان و تۆمەت).”