بنەماڵەی شەهیدهیدایەت عەبدوڵڵاپوور: هیدایەت لەیەکێک لە پادگانەکانی شنۆ تیرباران کراوە

خۆڕاگری : دوای دوو هەفتە لەوەیکە ئیدارەی جێبەجی کردنی حوکمەکانی پارێزگایورمێ ڕایگەیاندبوو کە حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور جێبەجی کراوە، ئەم هەواڵە لەلایەن بنەماڵەی ناوبراوە پشت راست کرایەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو ، ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی پوشپەڕی ٢٧٢٠(٢٤ی ژوئەن)، بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە هەواڵی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ناوبراویان کە پێشتر هەواڵەکەی لە دەزگاکانی ڕاگەیاند بڵاو ببووە ، پشتڕاست کردەوە و ڕایانگەیاندووە کە حوکمەکەی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ (١١ی مەی) لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ جێبەجێ کراوە.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لەمبارەوە بە ڕاگەیاند کە هیدایەت لە یەکێک لە پادگانی شاری شنۆ تیرباران کراوە و لە بەڵگەی وەفاتی ئەم بەندکراوە سیاسیە کە هۆکاری مردنەکەی “بەرکەوتن لەگەڵ کەرەستەی و تیژ” ڕاگەیەندراوە. تەرمی ئەو بەندکراوە سیاسیە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و شوێنی ناشتنیشی نادیارە.



ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٩ی مەی ٢٠٢٠)، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندییورمێ بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرابوویەوە.


ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەوهێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.
لە ٤١ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێ گوێدان بە بیروڕای گشتی و بەبێ لە بەرچاوگرتنی هیچ پره‌نسیپێكی مرۆیی، لە سەرکوت و کوشتاری ڕۆڵەکانی کورد بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی بەردەوام بووە و بە بەرچاوی بیروڕای گشتی جیهانەوە تاوانەکانی به‌ڕێوه‌ بردووه‌ و،بەردەوام لە هەوڵی نائارام کردن ناوچەکەو بە تایبەتی کوردستان وبە تایبەتیتر ناوجە سنووریەکا ن دەدا. کە ڕۆژ نیە کە کۆلبەر نەدرێنە بەر دەسترێژی گۆلەو،کۆکردنەوەی هێزی نیزامی لە سەر سنوورەکان و بەزاندنی سنوورەکان لە لایەن سپای ترۆریستی پاسداران بە بیانوی جۆراوجۆر بەردەوامە، هەر بۆیەئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە بیر و ڕای گشتی و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان دەکا، پێش بە سەرکوت و ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد و پێشێلکاریەکانی مافی مروڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ بگرن و چی دیکە ئیزن نەدەن مافی تاک و کۆی خەڵکی كوردستان پێشێل بکات ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٤ی پووشپەری ٢٧٢٠