پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی

بە داخەوە ئەمڕو ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ کەسایەتیی ناوداری بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان،  کاک جەلیل داوی حەوت دەیە خەبات و تێکۆشان بە هۆی نەخۆشیی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کردستان بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد.

کاک جەلیل یەکێک لەو لاوە خوێن گەرمانە بوو کە هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مهاباد دەستی بە خەباتی سیاسی کرد. دوای ڕووخانی  کۆمار کوردستانیش کوڵی نەدا و لە ڕوونکردنەوە و ڕێکخستنەوەی تێکۆشەرانی دێموکرات دا ڕوڵی بەچاوی گێرا. هەر بۆیە لەو پێناوەش‌دا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەتی‌یەکانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە دەستگیر دەکرێ و ڕەوانەی سیاچاڵەکانی ئەو ڕێژیمە دەکرێ و بۆماوەی نیزیک بە  ١٥ساڵ لە تەمەنی پڕ لە سەروەری خۆی لە زیندانەکانی ڕێژیمی شاهنشاهی دا بەسەر دەبا. لەو مەیدانەش‌دا کاک جەلیل بە حەق هێمایەک بوو لە خۆڕاگری و بەرخۆدان  و دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە گەرم وگووڕتر لە جاران دەستی بە خەبات و تێکۆشان کردەوە.

دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و دەست پێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە زۆربەی هەرە زۆری کۆنگرەکانی حیزبدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دواتر بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرا و لەو مەیدانەش دا ماندونەناسانە بەوپەڕی سەداقەت و دڵپاکی‌یەوە ئەرکەکانی بە جێ‌گەیاند.

ساڵی ی هەتاوی١٣٨٦ دوای دامەزرانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاک جەلیل یەکێک لە خەمخورانی دامەزرانی ئەو ڕێکخراوە بوو و هەر لە سەرەتاوە بوو بە ئەندام و بۆ ماوەیەکیش بەرپرسایەتیی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە سەر شان بوو. هەر بۆیە کەساییەتی و تایبەتمەندییەکانی کاک جەلیل کاریگەری لە سەر کار و چالاکییەکانی ئەنجومەن هەبوو و بە خەمخۆرییەوە کاری بۆ سەرخستنی کارەکان دەکرد.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێرای بەداخ بوون بۆ کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە مەزنە، هاوخەمی خۆی ئاراستەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هاورێ و هاوسەنگەران و بنەماڵەی بەڕێز گادانی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٦ی گەلاوێژی١٣٩٩