سێ بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ورمێ مانیان لە خواردن گرت


خۆڕاگری: سێ بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی ورمێ کە لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراون، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەبڕین بە ناڕوونی چارەنووسیان دوای یەک ساڵ بەندکران، مانیان لە خواردن گرت.
سێ بەندکراوی سیاسی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی “کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و ئومید سەعیدی” لە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری، ٩٩ی هەتاوی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ١٣ مانگ بەندکران و ناڕوونی چارەنووسیان لە بەندیخانەی ورمێ و هەروەها جیا نکردنەوەی بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکان لە بەندی لاوانی ئەو بەندیخانەیە، مانگرتنیان لەخواردن ڕاگەیاندووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری، ٩٨ی هەتاوی، لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی “عەبدولعەزیز محەمەدپوور و نائیب حاجی پوور” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی “ورمێ”وە دەستبەسەر و پاش یەک مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پێنج هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر کراون.

شایانی باسە کە ئەو سێ بەندکراوە پێشترش دوو جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕاگیرانیان لە بەندی لاوان و دژایەتی داواکاریەکەیان بە مەبەستی گوازرانەوە بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی، مانیان لە خواردن گرتبوو.https://t.me/xoragre https://xoragri.com