بریتانیا: بەشداری ئەنجومەن لە چالاکییەک بۆ پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسی

خۆڕاگری: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چالاکییەک کە بۆ پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسی و نا بۆ سزای سێدارە لە وڵاتی بریتانیا ڕێکخرابوو بەشداری کرد، کە لەو چالاکییە پەیامی ئەنجومەن لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەن پێشکێش کرا.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

ئەنجوومەنی زیندانیە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو پاراستنی کەڕامەتی ئینسانی زیندانیانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە. زیندانیانی سیاسی لە ڕیزی یەکەمین ئەو خەباتکارانن کە دژ بە تێفکرینی پاوانخواز و سەرکوتکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەنگەری پێشەوەی خەبات دان کە بەداخەوە ڕۆژانە بە هەموو شێوەیەک شاهیدی پێشێلکاری مافی زیندانیانین، هەر لە گرتن و بێسەروشوێن کردن بگرە تا بێبەشبوون لە مافی پارێزەری سەربەخۆ، دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجە و بێبەشکردن لە مافی بینینی کەسوکار.
لە نێو هەموو ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە بەندکراوانی سیاسی، سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدان یەکێک لە دزێوترین تاوانەکانە کە دژ بە جیابیرانی خوی دەیگرێتەبەر کە ئەوتاوانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردستان بە نیسبەت بەشەکانی دیکەی ئێران ڕەچاو دەکرێ.

ئێمە لەگەڵ ئەوەی بە هەموو تواناوە، بە کەڵک وەرگرتن لە گشت ئامرازەکانی پێوەندی کردن بە زیندانیانی سیاسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی دەرخستنی زیاتری سیاسەتی تواندنەوە و قڕکردنی ڕزگاریخوازانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەدەین و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ هەموو ئازادیخوازێک کە بۆ نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو دەنێ .
داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی، ڕێکخراوە جیهانیە بەشەردۆستەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ دەکەین لە بەرامبەر ئەو تاوانە کە دژی کەرامەتی ئینسانەکانە بێ دەنگ نەبن و پێکەوە ببین بەدەنگی بەندکراوانی سیاسی و ئازادیخوازانی دەروەست لەژێر دەسەڵاتی پێشلکاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

سڵاو لە ئیرادەی بەهێزی زیندانیانی سیاسی
سڵاو لە خەڵکی خەباتکاری کوردستان

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٧ی نوامبری ٢٠٢٦ی زایینی