خۆڕاگری: دەستەی کارگێڕیی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی پێگەی تێکۆشەران و بەسەرکردنەوەی خۆڕاگر و قارەمانانی ناو بەندیخانەکان، پێشوازیان لە ئەرسەلان سۆهرابی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، کرد و پارێزبەندی و خۆڕاگریی ناوبراویان لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەیاندا بەرز نرخاند.
ڕۆژی هەینی، ١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “۲۲ی مای ۲۰۲٦ی زایینی” بەڕێز بەختیار نەزەری و کۆمار بەهاری، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی تێکۆشەر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، کاک ئەرسەلان سۆهرابییان کرد و لەم دیدارەدا وێڕای بەخێرهاتن و دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بە ئازادبوونی ناوبراو، ڕێز و پێزانینی قووڵی خۆیان بۆ ساڵانی خەبات، خۆڕاگری و قوربانیدانیدانی دەربڕی.
کاک ئەرسەلان سۆهرابی، کە بەهۆی چالاکییە نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازییەکانییەوە زیاتر لە نۆ ساڵ لە تەمەنی خۆی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەسەر بردووە، لە چوارچێوەی ئەم چاوپێکەوتنەدا تیشکی خستە سەر بەشێک لە هەلومەرجی دژوار، ئازار و ئەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییانەی کە ڕووبەڕووی بەندکراوانی سیاسی دەبنەوە.
سۆهرابی لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕەوشی نالەباری مافەکانی مرۆڤ کرد و ڕایگەیاند کە زۆرینەی سزاکانی لەسێدارەدان کە ڕۆژانە لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێن، هاونیشتمانیانی کورد دەکەنە ئامانج، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم سزایانە لە کاتێکدا دەردەچن کە تۆمەتباران بێبەش دەکرێن لە دادگاییەکی دادپەروەرانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و سەلمێنەر دەخرێنە بەر پەتی سێدارە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبەرانبەر دۆخی ئەو تێکۆشەرە کوردانە دەربڕی کە ئێستاش بە تۆمەتی بێبنەمای وەک «موحاربە» یان «سیخوڕی بۆ وڵاتانی بیانی»، لە بەندیخانە تاریکەکاندا ڕاگیراون و ڕۆژگارێکی سەخت لەژێر گوشارەکاندا بەسەر دەبەن.

Be the first to comment