سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە

خۆڕاگری: پاش ئەوەی دادگای پێداچوونەوەی ئێران داواکاریی ناڕەزایەتی و پێداچوونەوەی دۆسیەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی ڕەت کردەوە، سزای لەسێدارەدانەکەی چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و ئێستا ژیانی لە مەترسییەکی جیددیدایە.

ڕۆژی شەممە، ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٣ی مای ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: پەخشان عەزیزی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینییەوە لە بەندیخانەدایە، لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەبار بووەتەوە، بە جۆرێک کە چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و لە قۆناغە هەستیارەکانی دادگاییکردنەکەیدا و لە مافی بنەڕەتیی هەبوونی پارێزەر و بەرگریکردن لە خۆی بێبەش کراوە.

دەسەڵاتی قەزایی ڕێژیمی ئێران تۆمەتی «بەغی» یان یاخیبوونی چەکداریی خستووەتە پاڵ ناوبراو و ئەم تۆمەتە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە ئامرازێکی سیاسی بۆ سەپاندنی سزای قورس و لەسێدارەدان بەسەر چالاکوانانی مەدەنی و سیاسیی کورددا و هەروەها دۆخی ئێستای پەخشان عەزیزی زۆر هەستیارە و هەر جۆرە بێدەنگییەک بەرانبەر بەم سزایە، بە واتای شەرعیەتدان بە نادادپەروەری و ڕێگەخۆشکردن بۆ پەرەسەندنی سزای لەسێدارەدان دێت.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا دەکات؛ بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی ڕای گشتی و گوشاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بکرێتە ڕێکارێک بۆ ڕاگرتنی دەسبەجێی ئەم سزایە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانە کوردە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*