خۆڕاگری: سارا ڕەشیدیکەچلانلوو، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ماکۆ، ماوەی ٩ مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە کرماشان دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی سێشەممە، ٣ی خەرمانانەی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: سارا ڕەشیدیکەچلانلوو، هاووڵاتیی خەڵکی شاری “ماکۆ”ـی سەربە پارێزگای ورمێ، ماوەی نۆ مانگە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە نزیک شاری کرماشان دەسبەسەر کراوە و تائیستا چارەنووسی نادیارە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی (١١ی ژانوویەی ٢٠٢٦ی زایینی)، لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانبار، لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا لە نزیک شاری کرماشان، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی نۆ ماگ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا تائێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکەی.
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییان لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، یەکێکە لەو نیگەرانییە گەورانەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەمیشە جەختیان لەسەر کردووەتەوە و وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناویان بردووە و هەروەها تاکە نیگەرانیی بەردەوامی بنەماڵەی سارا ڕەشیدی ئەوەیە کە بەهۆی بێدەنگیی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، چارەنووسی کچەکەیان بەرەو ڕووی مەترسییەکی نادیار بووبێتەوە.

Be the first to comment