دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەناوەکانی “مەولوود ڕوستا و سەعدوون دەستاری” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەولوود ڕوستا و سەعدوون دەستاری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “حەسەن‌نووران”ـی سەربە شاری شنۆ و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.

مەولوود ڕوستا، پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک لە ژوورەکانی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی بڕی بارمتەکە و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە، لەبەردەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە، سەعدوون دەستاری، هێشتا لەژێر دەستی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم‌دایە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنەکەی لە ئارادا نییە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە تەندروستی و چارەنووسی ناوبراوی زیاتر کردووە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*