خۆڕاگری: فەرامەرز ساعدی هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێولان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێ شەممە، ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی ٦ی ئۆکتوبەری ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری دێولان لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە بە بەکارهێنانی تووندوتیژی فەرامەرز ساعدی چالاکی مەدەنی ئەو شارەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردووە و چارەنووسی نادیارە.
هێزەکانی ڕێژیم دوای دەسبەسەرکردنی هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی ناوبراو دوای پشکنین دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسی ناوبراو داگرتووە.تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و ڕوون لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەست دا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم بوارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.
