سزای لەسێدارەدانی دوو دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لەلایەن ڕێژیمەوە جێبەجێ کرا

خۆڕاگری: جەواد زەمانی و ئەبولفەزل ساعیدی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری خەڵکی شاهروود، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ۲٦ی جۆزەردانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٦ی ژووئەنی ۲۰۲٦ی زایینی” جەواد زەمانی و ئەبولفەزل ساعیدی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شاهروود، کە لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کران، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و سزاکەیان جێبەجێ کرا و لەسێدارە دران.
بەپێی ئەو تۆمەتانەی لە لایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە خراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە، ناوبراوان بە محاربە و «فساد فی‌الارض و «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی گشتی و «وێرانکردن و ئاگرتێبەردانی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، تاوانبار کرابوون.
لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاهرود، جگە لە سزای لەسێدارەدان، سزای دەسبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەم دوو تۆمەتبارەشی دەرکردووە و هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای قەزایی ڕێژیم ڤیدیۆیەک وەک دانیپێدانانی ئەم دوو کەسەی بڵاو کردەوە، کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە وەک دانیپێدانانی زۆرەملێ ناوی دەبرێت و هەمیشە وەک ئامرازێکی گوشار بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان بەکار دەهێنرێت.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*