سەپاندنی سزایەکی نوێی بەندکردن و قەدەغەی چوونەدەرەوە بەسەر چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران سزایەکی نوێی بەندکردن، قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات و خزمەتی زۆرەملێی بەسەر ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای خانەنشینکراو و چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان سەپاند.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (٣٠ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی)، ئەم سزایە نوێیە بەم دواییانە لەلایەن لقی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ئیلام بە سەرۆکایەتیی قازی «ڕەجەب محەممەدی» بە شێوەی زارەکی بە ئەحمەد عەلیزادە، ڕاگەیەندراوە و
بەپێی سزاکە ناوبراو بە تۆمەتەکانی بانگەشە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، بانگەشە بە قازانجی حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم و سووکایەتی بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بە دوو ساڵ بەندکرنی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشووی سزا دراوە.
جگە لە بەندکردن، دادگا وەک سزای تەواوکەر، یەک ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوەی لە وڵات، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت و ١٠٨٠ کاتژمێر خزمەتی گشتیی خۆبەخش لە شارەوانیی ئاودانانی بەسەردا سەپاندووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوبراو ئێستا لە شارۆچکەی فەنووج لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ماوەی دوو ساڵ دوورخستنەوەی زۆرەملێی دۆسیەی پێشووی بەسەر دەبات.

جێی ئاماژەیە کە، ئەحمەد عەلیزادە پێشتریش لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ٢٧٢٢ و ناوەڕاستی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا دەسبەسەر کرابوو، کە دواتر لە دۆسیەی یەکەمیدا بە تۆمەتی جۆراوجۆر سزای ٢٧ مانگ بەندکردن، دوو ساڵ دوورخستنەوە لە کار، یەک ساڵ بێبەشکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپابوو و بەهۆیەوە مووچەکەی بڕدرا و بە زۆرەملێ خانەنشین کرا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*