دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: فروود وەیسی و فەرهاد غەفووریزادە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، هاوکات لەگەڵ ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی دوو شەهیدی بنەماڵەکەیان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ئێوارەی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (٨ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی)، هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری کرماشان، هەڵیانکوتاوەتە سەر فروود وەیسی (برای شەهید موجتەبا و مەیسەم وەیسی) و فەرهاد غەفووریزادە (کوڕی پووریان) و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و ئەم دەسبەسەرکردنە لە کاتێکدا بووە کە بنەماڵەکەیان خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی مەیسەم و موجتەبا وەیسی کە بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوە بچێت.

ئەو دوو هاووڵاتیی لە پاش دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش ئامادەی وەڵامدانەوە نین و ئەمەش بنەماڵەکەیانی ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی بێئاگایی و نیگەرانیی قووڵ کردووەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*