سەپاندنی سزای بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مەسعوود چەمەنی، هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ٢ساڵ و ٧مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی هەینی، ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٣ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، مەسعوود چەمەنی، لاوی تەمەن ٣٥ ساڵانی خەڵکی گوندی “برایم‌ئابادی”ـی سەر بە شاری بۆکان لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی پرۆپاگەندە دژ بە ڕێژیم و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٢ساڵ و ٧مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان دەسبەسەر کرا و تا ماوەیەک بێسەروشوێن بووە و پاشان دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*