نەتەوە یەکگرتووەکان: فەرامۆشکردنی مافی مرۆڤ لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکادا، دەرگای سەرکوتکاری زیاتر دەکاتەوە

مای ساتۆ، ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، بە توندی ڕەخنەی لە ڕێککەوتنامەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا گرت و هۆشداری دا کە پشتگوێخستنی پرسی مافەکانی مرۆڤ لەم ڕێککەوتنەدا، دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی بێسزایی و پەرەسەندنی سەرکوتکاری لە ناوخۆی ئێراندا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوەندی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، خاتوو ساتۆ ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “۱ی جولای ۲۰۲٦ی زایینی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ پێگەی «جێنێڤا سۆلوشنز» جەختی کردەوە کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی، دەبێت ئازادی و مافەکانی هاووڵاتییانی ئێرانیش بگرێتەوە، ئەگینا ناتوانێت گوزارشت لە داخوازییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەی ئێران بکات.

ڕێککەوتنامەی «ئیسلام‌ئاباد» و نیگەرانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێککەوتنامەی ناسراو بە «ئیسلام‌ئاباد» بەشێوەیەکی سەرەکی تەنها لەسەر کێشە ئەمنیی و ئابوورییەکان وەک: کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان، کردنەوەی گەرووی هورمز، بابەتی ناوکی و بووژاندنەوەی ئابووری چڕ بووەتەوە. ناوبراو پێگەی مافی مرۆڤی لەو ڕێککەوتننامەیەدا بە «نزیک بە نادیار» وەسف کرد.

ساتۆ لەمبارەیەوە گوتی: «سەرباری ئەوەی لەم ڕێککەوتنەدا پلانی پێکهێنانی سندووقی ئاوەدانکردنەوە دانراوە، بەڵام بەداخەوە خەڵکی ئێران و مافە سەرەتاییەکانیان بە تەواوی فەرامۆش کراون.»

مەترسیی گەڕانەوە بۆ سەرکوتکاریی توندتر
خاتوو ساتۆ هۆشداریی دا کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، تەنانەت پێش ڕووداوەکانی جەنگیش بارودۆخێکی ناجێگیر و قەیراناوی هەبووە. بە وتەی ئەو، دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، پێشێلکارییەکان لە ئێران ڕەهەندی قووڵتریان وەرگرتووە.

ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە، ئەگەر پرسی مافی مرۆڤ لە گفتوگۆکانی داهاتووی نێوان تاران و واشنتۆندا شوێنی نەبێت، مەترسییەکی جیددی هەیە کە دەسەڵات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی، ڕێوشوێنی سەرکوتکاریی توندتر لە دژی هاووڵاتییان بگرێتە بەر و چەرخی بێسزایی لە بەرامبەر پێشێلکارانی مافی مرۆڤدا هەر بەردەوام بێت.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*