خۆڕاگری: ندا دەدەجانی هونەرمەندی خەڵکی قوروە و لە دەسبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای سێ ساڵ بەندکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٨ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ندا دەدەجانی، هونەرمەند و هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بەدژی ئاسایشی گشتی، سزای سێ ساڵ بەندکرانی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ نیکشاری پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو کچە هونەرمەندە لە هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی کەمئەنداماندا سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی خەڵاتی هەڵبژێردراوی بووکەڵەسوورێنی و خەڵاتی یەکەمی دیزاین و دروستکردنی بووکەڵە و پێشینەی هاوکاریشی وەک دیزاینەری جلوبەرگ و گریم لە شانۆدا هەیە و هەروەها مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەکاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

Be the first to comment