خۆڕاگری: ژن و مێردێکی خەڵکی پاوە بە ناوەکانی “شلێر مودیرزادە و ڕاشد ئیمامی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٦ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری پاوە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕاشد ئیمامی، هونەرمەند و ئەندازیاری نەخشەکێشی خەڵکی ئەو شارە و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.
هاوکات چەند کاتژمێرێک دوای دەسبەسەرکردنی ناوبراو، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم جارێکی دیکە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵەکەیان و «شلێر مودیرزادە»ـی هاوژینیشیان دەسبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار، کە دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاوسەرە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بە شێوەیەکی دڕەندانە ئەنجام دراوە و هەروەها سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەیان بۆ زانینی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتەکان و بارودۆخی تەندروستییان لەبەر دەستدا نییە.

Be the first to comment