ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە مانگرتنی بەندکراوانی بەندیخانەی قزڵحەسار

بەداخەوە، زیندانەکانی ئێران بوونەتە گۆڕەپانی کوشتنی بەکۆمەڵ و لەسێدارەدانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان. لەم پێوەندیدا، ١٥٠٠ بەندکراوی مەحکووم بە سزای سێدارە، وەک ناڕەزایەتییەکی مەدەنی بەرامبەر بە سیاسەتی لەسێدارەدان و زەوتکردنی ژیان، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ئێمە لە «ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان» وێڕای پشتیوانیی بێ ئەملاولای خۆمان بۆ ئەم هەنگاوە بوێرانەیەی بەندکراوان، جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:

١. ژیان سەرەتاییترین و بنچینەییترین مافی هەر مرۆڤێکە. هیچ کەس، دامەزراوە یان دەسەڵاتێک بۆی نییە بە هیچ پاساوێک ئەم مافە لە مرۆڤ بستێنێتەوە.

٢. ئێمە سزای لەسێدارەدان بە کردەوەیەکی نامرۆیی، دڕندانە و دژ بە هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەزانین. ئەم سزایە نەک هەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو تەنها درێژەپێدەری کەلتووری توندوتیژی و ترس و تۆقاندنە.

٣. بەپێی ماددە سەرەکییەکانی جارنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، دەوڵەتان ئەرکدارن کە ڕێز لە ژیان بگرن. ئەو سیاسەتەی ئێستا ڕێژیمی ئیسلامی ئێران پەیڕەوی دەکات، بە تەواوی لەگەڵ بەها مرۆییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ناکۆکە.

لێرەوە داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکوانانی مەدەنی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بە هەستیارییەوە بڕواننە ئەم دۆخە و بە خستنەگەڕی هەموو تواناکانیان، گوشاری پێویست بخەنە سەر دەسەڵاتی ئێران بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە سزای لەسێدارەدان بهێنێت و گیانی بەندکراوان مەحکووم بە سێدارە لە مەترسی مرگ ڕزگار بێت.

دەنگی ئەو مانگرتوانە، دەنگی دادپەروەرییە بۆیە پێویستە ئەم دەنگە بە هەموو جیهاندا بڵاو ببێتەوە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٢ی ژوئیەی٢٠٢٦ی زاینیی
٣١ی پووشپەڕی١٤٠٥ی هەتاوی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*