خۆڕاگری: سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنی چوار چالاکوانی سیاسیی خەڵکی بۆکان، هێشتا دۆسیەکەیان بێ بڕیاری یەکلاکەرەوە ماوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ڕزگار بەیگزادەبابامیری، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون، هەرچەندە لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاویدا سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە هەڵوەشایەوە، بەڵام تائێستا چارەنووسیان ناڕوونە.
پاش تێپەڕبوونی چەند مانگ بەسەر بڕیارەکەی دیوانی باڵای ڕێژیمدا، دۆسیەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە ڕەوانەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە بۆکان کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی نوێ و بڕیارێکی دادوەری لەسەر دۆسیەکەیان نەدراوە و هەروەها لە کاتێکدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراون کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار داوای گواستنەوەی خۆیان بۆ بەندیخانەی شاری بۆکان کردووە، بۆ ئەوەی لە بنەماڵەکانیان نزیک بن، بەڵام هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە.
شایانی باسە کە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چاودێرانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان لەم بارودۆخە دەربڕیوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نادیارە و ڕێگری لە گواستنەوەیان، بەشێکە لە سیاسەتی گوشارخستنەسەر بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیان.

Be the first to comment