خۆڕاگری: نەدا دەدەجانی و ستایش سەرابی، دوو چالاکوانی خەڵکی قوروە، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای لێدانی قامچییان بەسەردا جێبەجێ کرا و ڕەوانەی بەندیخانەش کران.
ڕۆژی سێشەممە، ٣ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: نەدا دەدەجانی و ستایش سەرابی، دوو چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی شاری قوروە کە لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوون، ڕۆژی شەممە ٣١ی گەلاوێژی ئەمساڵ، بە بانگکردنێکی ساختە و بە بیانووی پێشکەشکردنی چەند ڕوونکردنەوەیەک بانگی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە قوروە کرابوون، بەڵام دەسبەجێ دوای گەیشتنیان بۆ دادگا، دەسبەسەر کران و سزای قامچییەکەیان بەسەردا سەپێنرا.
هەر دوای ئەوەی سزای قامچییەکە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە جێبەجێ کرا، ناوبراوان بۆ تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەیان ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کران و پێشتر داوایان لە دەزگای قەزایی ڕێژیم کردبوو کە سزاکەیان بە شێوەی بەکارهێنانی پابەندی ئەلیکترۆنی جێبەجێ بکرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی قەزایی بێ ئەوەی هیچ وەڵامێکی ئەرێنی بە داواکەیان بدەنەوە، ڕاستەوخۆ دەستیان بە جێبەجێکردنی سزای قامچی و بەندکردن کرد.

Be the first to comment