هاونیشتمانییانی خۆشەویست!
کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
تێکۆشەران و چالاکانی مەدەنی!
لە کاتێکدا بەرەو یادی چوارەمین ساڵڕۆژی دەسپێکی بزووتنەوەی شوناسخوازانە و جەماوەریی ژینا هەنگاو دەنێین، کە وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژانێکی پڕشکۆ لە خەباتی نەپساوە و بەردەوامی ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان بەرامبەر بە دەسەڵاتی پاوانخواز و خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ئەو سەرهەڵدانە مێژووییە سەرەتا لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و پاشان هەموو ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە و گشت ئازادیخوازانی جیهانیشی هێنایە سەر هێڵ و لاپەڕەی بزووتنەوەیەکی سەردەمییانە و پێشکەوتووی لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازاندا بۆ هەمیشە تۆمار کرد.
بزووتنەوەی ژینا کە بە درووشمی سەرەکیی “ژن.ژیان.ئازادی” هەموو چین و توێژەکانی کوردستان و ئێرانی هێنایە سەر شەقام و [نا]یەکی بەرزیان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی وت، لە ژنانەوە کە ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا هەتا لاوان و خوێندکاری زانکۆکان، هەموو یەکدەنگ و یەکهەڵوێست لە بەرامبەر دڕەندەییی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا وەستانەوە و ئەو ڕێژیمەیان تووشی گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوە و قەیرانی مێژووی دەسەڵاتدارییەکەی کرد.
هەموو ئەو کەسانەی وا کەڵکەڵەی ڕزگاری و ئازادییان هەیە و چاولەڕێی نەمانی دیکتاتۆرانن، ئێستاش چاوی هیوایان لەسەر خەڵکی تێکۆشەر و مافویستی کوردستان و ئێرانە بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە لەمپەرێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی تێپەڕ بن.
هەر بەم بۆنە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا داواکاریی مانگرتنێکی گشتیی بڵاو کردووەتەوە کە بۆ ڕۆژی ٢٥ـی خەرمانانە و لەوێدا داوا لە خەڵکی کوردستان کراوە بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان پەیوەستی ئەو مانگرتنە بن و جارێکی دی نیشانی بدەن کە خوێنی ڕۆڵەکانی خۆیان لەبیر نەکردووە و ئەو پەیامە بە کۆماری ئیسلامی بدرێت کە دەسەڵاتێکی ناڕەوایە و ناتوانێ بە گرتن و سەرکوت، هەڕەشە و ئەشکەنجە و ئێعدام خەونی ئازادی لە چاوی خەڵکی چاونەترس بتارێنێت.
ئێمە وەک ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پشتیوانی لە بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، داوا لە هەموو چالاکانی مەدەنی، توێژەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران، ڕووناکبیران، مامۆستایان و ڕێکخراوە مەدەنی و ئێنجیئۆکان و… دەکەین بەوپەڕی توانای خۆیان پەیوەستی ئەم مانگرتنە بن و لاپەڕەیەکی زێڕینی تر له خەباتی مەدەنییانە و ئازادیخوازانەی خۆیان تۆمار بکەن.
سەر کەوێت خەباتی نەپساوەی نەتەوەکەمان.
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٥ـی هەتاوی
