خۆڕاگری: لقی ٢٣ی دادگای ئینقلابی تاران، سزای سێدارەی بەسەر سێ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان بەناوەکانی “خەسرەو محەممەدینیا، مەسعوود توشمالانی و سیروان شەعبانی” سەپاند کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوون.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۹ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: خەسرەو محەممەدینیا، مەسعوود توشمالانی و سیروان شەعبانی، کە لە یەک پرۆسەی قەزایی هاوبەشدا دادگایی کراون، لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە تاران بە تۆمەتی «محاربە» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و ئێستا لە بەندیخانەی قزڵحەساری کرەج بەند کراون و ژیانیا لە مەترسیدایە.
سیروان شەعبانی تەمەن ٢٥ ساڵان، هونەرمەند، موسیقاژەن و سەرپەرشتیاری ئۆرکێسترا و هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان و نیشتەجێی شارۆچکەی “واوانی ئیسلامشار”ـە، خەسرەو محەممەدینیا و مەسعوود توشمالانی، هەردووکیان خەڵکی کرماشانن، کە سزاکەیان بە سەرۆکایەتیی قازی کەرمی و قازی تەقیزادە بەسەردا سەپێنراوە و هەروەها ئەم سێ هاووڵاتییە لە ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، لەڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەو مانگەدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری ئیسلامشاری پارێزگای تاران دەسبەسەر کرابوون و دوای چەند مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بۆ زندانی قزڵحەساری کرەج گوازرانەوە. شایەنی باسە کە مەسعوود توشمالانی پێشتر ماوەیەک بە بارمتە ئازاد کرابوو، بەڵام دووبارە دەسبەسەر کرابووەوە.

Be the first to comment