سەردار سەیدعەبدوڵڵاهی، لاوی تەمەن ١٩ ساڵانی کورد، ماوەی نۆ مانگە لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە

خۆڕاگری: سەردار سەیدعەبدوڵڵاهی، لاوی تەمەن ۱۹ساڵانی خەڵکی پیرانشار، ماوەی نۆ مانگە لە بەندیخانە ورمێدا سزای بەندکرانەکەی تێدەپەڕێنێت و تائێستا بە میدیایی نەکراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۱٦ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “٨ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سەردار سەیدعەبدوڵڵاهی هاووڵاتیی تەمەن ۱۹ساڵانی خەڵکی گوندی “گەزگەسک”ـی سەربە شاری پیرانشار پاش ئەوەی ٤٥ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتنگەکانی ڕێژیم لەو شارە و ورمێدا ڕاگیراوە و بە ڕاگەیاندن نەکراوە، تازە لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژەری ڕێژیم، سزای ١٨ مانگ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێنراوە.
ناوبراو لە ماوەی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکاندا بێبەری بووە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەلی ئازادکردنی بە کەفالەت و دانانی بارمتەی لێ زەوت کراوە و هەروەها ئەم لاوە کوردە پاش شەش مانگ لە دەسبەسەربوونی هەڕەمەکی و لێپرسینەوە لە دەزگا دەزگا سەرکوتکەرەکان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە.
شایانی باسە، سەردار سەیدعەبدوڵڵاهی لە کاتی دەسبەسەرکردنی تەمەنی ١٩ ساڵ بووە و لە ئێستادا نیوەی سزاکەی تێپەڕیوە و تا ئێستا بنەماڵەکەی بەهۆی گوشاری دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە نەیتوانیوە بە ئاشکرا زانیاری لەبارەی دۆخی کوڕەکەیان بڵاو بکاتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*