خۆڕاگری: ڕێبوار مارابی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران و لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار لە تاران، دوای کەمکردنەوەی سزای سەرەتایی ١٠ ساڵ بەندکردنەکەی لە بۆ ٦ ساڵ بەندکردن و ٤ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ ساڵ بەندکردنی تەعزیری، بۆ بەندیخانەی گەورەی تاران گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٥ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی” ڕێبوار مارابی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٦ ساڵانی خەڵکی شاری کامێران دوای بانگکردنی بۆ یەکێک لە لقەکانی جێبەجێکردنی سزاکانی رێژیم لە تاران، هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەرکرا و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ساڵ بەندکردن گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی فەشافویەی تاران.
ناوبراو سزای سەرەتایی ١٠ ساڵ بەندکردنی کە لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی “محەممەدڕەزا عەمووزادە” بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیلـی بەسەردا سەپێندرابوو و لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بۆ ٦ ساڵ بەندکردن و ٤ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو کەم کرایەوە و هەروەها دامەزراوە سەرکوتکەر و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان چووەتە تاران، ئەمە لە حالێکدایە کە ڕێبوار مارابی ساڵانێکە وەک چێشتلێنەر لە تاران کار دەکات و لەو شارەدا نیشتەجێیە.
ڕێبوار مارابی، تەمەن ٢٦ ساڵ، خەڵکی گوندی ماراوی سەر بە شاری کامێران و دانیشتووی تاران، ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە تاران دەسبەسەرکرابوو.

Be the first to comment