خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە بە ناوی ئازاد ڕەحمەتی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.
بەپێ هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” نیوەشەوی چوارشەممە، ۱ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۳ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئازاد ڕەحمەتی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراوی لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتەکانی ئاراستەکراو و هەروەها ئەو شوێنەی بۆ گوازراوەتەوە، لەبەر دەستدا نییە و بنەماڵەی ڕەحمەتیش سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان و دۆخی تەندروستیی لە نیگەرانییەکی قوڵدان و هەروەها دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە لە چوارچێوەی شەپۆلی نوێی گوشار و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان دێت، کە لەلایەن ناوەندە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە مەبەستی سەرکوتکردنی هەر جۆرە دەنگێکی ناڕازی ئەنجام دەدرێت.

Be the first to comment