هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: نازنین حوسێن‌پوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار، پاش نزیکەی مانگ و نیوێک ڕاگیران، بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوهی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٥ی “۲۲ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” نازەنین، حوسێن‌پوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری پیرانشار، پاش تێپەڕکردنی ٣٧ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ۲ملیارد و ٥۰۰ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد کراوە.
ناوبراو دایکی دوو منداڵی ساوایە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی زۆر بووبوو، چونکە هاوژینەکەی بە دەست نەخۆشیی شێرپەنجەوە دەناڵێنێت و نەبوونی ئەو لە ماڵەوە، ژیانی بنەماڵەکەیانی تووشی گرفتی قووڵ کردبوو و هەروەها لە ماوەی ئەو ٣٧ ڕۆژەدا لە مافی پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تا ئێستاش هۆکاری سەرەکیی دەسبەسەرکردنی نەزانراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*